زۆر درەنگ بوو

کورتە چیرۆکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی ڕووسی لە نووسینی ئەنتۆن چێخۆف:


جوتیارێکی پیر، ژنە نەخۆشەکەی بارکردە سەر کورسی پشتەوەی ئەو گالیسکەیەی کە ئەسپێکی لاوازی رایدەکێشا، و دەیویست بیبات بۆ شارێکی دوور بۆ ئەوەی چارەسەری بکات.


لە ڕێگادا، پیاوەکە دەستی بە قسەکردن کرد وەک ئەوەی لەگەڵ خۆیدا قسە بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵنەوایی ژنە نەخۆشەکەی دەدایەوە، کە چل ساڵە لەگەڵیدا دەژی لە نەهامەتی و ئازار، زەحمەت و هەژاری، یارمەتی دەدات لە کێڵگە، و هەڵگرتنی بارگرانییەکانی ماڵ بە تەنیا.


ئێستاهەست دەکات لە ساڵانی ڕابردوودا چەند دڕندە بوە لەگەڵی، و ئێستا دەبێت میهرەبانی و نەرمی بنوێنێت، و قسەی خۆشی بۆبکات.


پێی گوت کە زوڵمی لێ کردووە، ژیان ستەمیشی لەو کردووە، چونکە لە ژیانی ڕۆژانەیدا کاتێکی نەدۆزیوەتەوە کە وشەیەکی میهرەبان و شیرینی پێ بڵێت، یان زەردەخەنەیەکی پاک و نەرم و نیان وەک ئاو پێشکەشی بکات، یان ساتێکی خۆشی پێببەخشێت.


پیاوەکە بە خەم و پەژارەییەوە بەردەوام بوو لە قسەکردن، بە درێژایی ڕێگاکە و وشەکان دانە دانە لە گیانی دەهاتنە دەر. هەروەک چۆن دڵۆپە ئاو لەسەر بەردێکی رەق نەخشێک دروستدەکات، وشەکانی وردە وردە دڵە رەقەکەی خۆی دەنەخشاند. بۆ ئەوەی قەرەبووی بکاتەوە، ئەوەی لە چل ساڵی ڕابردوودا لە خۆشەویستی و ناسکی و گەرمی ژیانی هاوسەرگیریدا لەکیسی چووە، دەستی کرد بە بەڵێندان پێی کە هەموو ئەو شتانەی کە دەیەوێت و ئاواتی بۆ دەخوازێت بۆی بەدەست دەهێنێت تا کۆتایی ژیانی.


کاتێک گەیشتە شار لە کورسی پێشەوە دادەبەزێت و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لە کورسی دواوە لە باوەشیدا هەڵیگرت بۆ لای پزیشک، بەڵام پاش چی؟! بینی کە مردووە، تەرمێکی سارد بوو، لەڕێگادا گیانی سپاردبوو. پێش ئەوەی گوێی لە قسە شیرین و میهرەبانەکانی بێت، مرد! زۆر درەنگ بوو.


ئێستا وشەکان سوودیان نەماوە. واتای خۆی لە دەست داوە! ئێمە تەنها لە کۆتاییدا بەهای یەکتر دەزانین! باشترە لە کاتی گونجاودا گوڵێک پێشکەش بکەیت نەک باخێک دوای ئەوەی کە کار لەکار دەترازێت. باشترە لە کاتی گونجاودا وشەیەکی جوانی پێبڵێیت نەک لە دوای نەمانی هەستەکان دیوانێکی شعری بۆ بنووسیت.


هیچ سوودێکی نییە ئەو شتانەی کە زۆر درەنگ دێن، وەک ماچێکی داوای لێبوردنن لە نێوچاوانی مردووێکدا.


'شتە جوانەکان دوا مەخەن...ڕەنگە دووبارە نەبنەوە.'


برایەتی ڕاستەقینە