ئاخ لە دەست کیسەڵەکان

هەموومان چیرۆکی پێشبڕکێی کەروێشک و کیسەڵ دەزانین. کەروێشک دەدۆڕیت و کیسەڵ دەیباتەوە. هۆکارەکەشی تەمبەڵی کەروێشک و نوستنی لەڕێگادا بەهۆی سوکایەتی کردن بە ئەدای کیسەڵەکە یە لەسەرەتا.


چەپڵەیەکی توند بۆ کیسەڵی کۆڵنەدەر.


ڕاوەستن، چیرۆکەکە لێرە کۆتایی نایە! ئەی نەهاتن لەسەر کۆی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان ئاهەنگیان گێرا بەبۆنەی سەرکەوتنی کیسەڵ؟ ئەی کاک کیسەڵ لەسەر ٢٠ کەناڵی تەلەفزێۆنی پێشوازی لێنەکرا؟ ئەی کاک کیسەڵ نەبوو بە پاڵەوانی نیشتمانی و کردیان بە وەزیر لە کابینەی حکومەت؟


تەصەوڕ بکەن کیسەل ببێتە وەزیری ناوخۆ و ئاگرێک لەشارێک بەربێت؟ شار دەسوتێ کیسەڵ هێشتا فەرمانی بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەکردووە خۆیان ئامادەبکەن و دەرچن. ئەی وەزیری دارایی؟ فەرمانبەر دەکەوێتە ژێر ٣ بازنەی قەرز هێشتا کیسەڵی بەصەبر و تەحەمول بڕیاری نەداوە کێشەی موچە چارەسەربکات. ئەی سەرۆکی زانکۆ؟ زانکۆ دەبێتە قاوەخانە و هێشتا کاک دکتۆر کیسەڵ لەپلانی سازنگەیەکی سەقەت تەواو نەبووە. ئەی وەزیری تەندروستی؟ دکتۆرەکان تەڕاتێن بە دامودەزگاکانی دەکەن و هێشتا ئەو خەریکی واژۆکردنی بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ کیسەڵێکی تر کە ئەویش وەزیرە و ٥ کم لە وەزارەتەکی دوور نیە.


ئاخ لەدەستی ئەو کیسەڵانەی کە کراون بە پاڵەوان! ئەوان لەچوستی زۆر خراپن. بەڵام لەتەکتیکی گەیشتن بەئامانج بەهەر شیوەیەک و ڕیگەیەک زۆر فێلباز و موفسیدن. کێ دەڵێت کیسەڵ خواردنی کەروێشکەکەی ژەهراوی نەکردووە پێش ڕاکردنەکە؟ کێ دەڵێت، کیسەڵەکە بەرتیلی بە چاودێرەکان نەداوە و بۆ ئەوەی ڕێگە لە کەروێشکەکە بگۆڕن؟


گریمان هیچ لەوانە ڕووی نەدا و کیسەڵ بە حەقی خۆی پێشبڕكیەکەی بردەوە. چ بردنەوەیەک بەڕای ئێوە؟ بردنەوەیەک لە کەروێشکێک کە خۆی تەمبەڵ کرد و نوست؟ چما کەمن ئەو کیسەڵانەی کە لەپۆل یەکەم دەبن، نەک لەبەر زیرەکی، بەڵکو لەبەر تەمبەڵی هاوڕێیەکانی پۆل.


وەخت نیە ئەو کیسەڵانە بناسین و چیتر گەورەیان نەکەین؟ ئەوان راستە یەکەمن، خاوەن بروانامەی بەرزن، بەڵام لەبەر زیرەکی خۆیان نا، بەڵکو لەبەر تەمبەڵی دەوروبەریان.


لەسەر کازم ساهرەکانی کوردستان