ورگ  ڕەمەزان ئیسراف  ژینگە

لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا زۆر کەس چاوەڕێی ئەوە دەکەن خەڵک بە ئاسوودەیی و لوکس بژین.


یەکێک لە خوێندکارەکان دەڵێت: کە گەیشتمە هامبۆرگ یەکێک لە هاوڕێکانم لە هامبۆرگ دانیشتنێکی پێشوازی بۆ ڕێکخستم لە چێشتخانەیەکدا. کاتێک چووینە ناو چێشتخانەکە، تێبینیمان کرد کە زۆرێک لە مێزەکان چۆڵ بوون. مێزێکی بچووک هەبوو کە ژن و مێردێکی گەنج دانیشتبوون. تەنها دوو قاپ و دوو پەرداخی ئاو لەبەردەمیاندا بوو.


من پرسیارم کرد ئایا ئەم ژەمە سادەیە دەکرێت ڕۆمانسی بێت و کچەکە چی دەڵێت لەسەر ڕەزیلی ئەم مێردە؟ چەند خانمێکی بەتەمەنیش لە سوچیکی چێشتخانەکە دانیشتبوون.


هاوڕێکەمان خواردنی داوا کرد و ئێمەش برسی بووین بۆیە داوای زیاتری کرد. وە بەو پێیەی چێشتخانەکە زۆر قەرەباڵغ نەبوو، خواردنەکە بە خێرایی گەیشتە دەستمان.


وەک عادەتی خۆمان، کاتێکی زۆرمان بە نانخواردن بەسەر نەبرد. کاتێک شوێنەکەمان بەجێهێشت، نزیکەی یەک لەسەر سێی خواردنەکە لەسەر قاپەکان مابووەوە. بەزەحمەت گەیشتبووینە دەرگای چێشتخانەکە دەنگێک بانگی کردین. سەرنجمان دا خانمە بەساڵاچووەکان باسی ئێمەیان دەکرد بۆ خاوەنی چێشتخانەکە. وە کاتێک قسەیان لەگەڵ کردین، تێگەیشتین کە ئەوان دڵتەنگن بۆ بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر لە خواردن.


هاوڕیکەم وەڵامی دانەوە: ئێمە پارەی ئەو خواردنەمان دا کە داوامان کردبوو، کەواتە بۆ دەستوەردان لەو شتانە دەکەن کە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە؟؟


یەکێک لە خانمەکان زۆر بە تووڕەییەوە سەیری ئێمەی کرد و چووە سەر تەلەفۆن و تەلەفۆنی بۆ کەسێک کرد. دوای ماوەیەک پیاوێک بە قات و ریباتەوە هات و خۆی بە ئەفسەری پارێزگاری کۆمەڵایەتی ناساند و بلیتێکی بە بەهای ٥٠ یۆڕۆ پێداین.


هەموومان بێدەنگ بووین. هاوکارەکەم ٥٠ یۆڕۆکەی دەرهێنا و بە داوای لێبوردن پێشکەشی فەرمانبەرەکەی کرد. ئەفسەرەکە بە تۆنێکی رەقەوە وتی: داوای بڕی ئەو خۆراکە بکە کە دەتوانیت بیخۆیت، پارەکە هی تۆیە، بەڵام زادەکان بۆ هەموو کەسێکە. زۆر کەسی تر هەن لە جیهاندا ڕووبەڕووی کەمی ئیمکانات دەبنەوە، تۆ هیچ هۆکارێکت نییە بۆ بەفیڕۆدانی زادەکان.' ڕووخسارمان لە شەرمەزاریدا سوور بووەوە، بەڵام لە کۆتاییدا سەرمان شۆرکرد و نقەمان لێوەنەهات.


لای خۆمان و لە ڕەمەزان، سەیری ئەو خەڵکە بکە لە کاتژمێر ٤:٠٠ هەتاکو ٦:٠٠! هەمووی یەک ژەمی نەخواردووە و ڕاکە ڕاکی خەونی پرکردنەوەی ورگیەتی. دڵنیام یەک هەفتەش هیچ هیچ نەخوات هیچی بەسەرنایەت ئەوەندی شەحم و لەحم لەورگی کۆکردیتەوە. کە بانگیش دەدا، خوانەکات ڕوبکەیتە چێشتخانەیەک، هەرایەکە، خەپسەکە هەر سەیر! دەڵێی ئیستا نا ئێستا ئەو خەڵکە ئەگەر خواردنیان دەست نەکەوێت، یەکتر دەخۆن! هەربەزۆری و گەورەیی ژمارەی سەگە بەڕەڵاکان بزانە چ خواردنێک بەفیرۆدەدرێت. تەنانەت زۆر بەدەگمەن سەگێکی وا دەبینیتەوە کە زۆر لاواز بێت. ئەو سەگانە بەچی ئەوها زەبەلاح دەبن؟!


خەڵک دەڵێت وەزعم خراپە، بەڵام زۆربەی برنجی بایەعیش ناخوات. سەیری سەیرانگاکان بکەن چەند خاوێن و جوانن ئەو ماوەیە. هۆکارەکەشی دیارە کە خەڵک لەبەر رەمەزان ناتوانێت گەشت بکات. چونکە گەشت لای ئێمە بریتیە لە ورگ پڕکردن. ئەگینا، هیچ کاتێکی ساڵ کەش و هەوا خۆشتر و جوانتر و فێنکتر نەبووە. خێرە کەس ناچیت بۆ گەشت؟


سروشتی داماوی کوردستان، چاوەڕێی تۆڵەی خەڵک بە لەیەکەم ڕۆژی جەژنەوە. بزانە چیت بەسەردەهێنن بە سفرەی نایلۆن و قاپی سەفەری و گوڵەبەڕۆژە و دەبەی ٢ لیتری بیبسی! خۆزگە ڕەمەزان لە کوردستان ٣ مانگ دەبوو! هەموو ساڵێکیش لە ١٠ / ٣ هەتاکو ١٠/ ٦.




گیزدانی پارە