تەجروبەی مانەوەم لە ئەمریکا

کاتێک پار ماوەی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە ئەمریکا بووم و چەند هەزار کیلۆمەترێک بەناو چەند ویلایەتێکی ئەمریکیدا تێپەڕیم و کەمێک ئاشنا بووم بە ستایلی ژیانی ئەمریکیەکان، ئەو تێبینیانەی خوارەوە لە مێشکم چاپن وحەز دەکەم لەگەڵ ئێوەی شەیر بکەم:


یەکەم تێبینی: ئەمریکیەکان زۆر ڕوخۆشن. لەوانەیە لەدڵەوە نەبێت، بەڵام هەمیشە سڵاو لە کەسانی غەریبە یاخود زەردەخەنە بەڕویان جیگای دڵخۆشی ئەو کەسانەن کە یەکەمجار لە ئەمریکا دادەبەزن. ئەگەر ئینگلیزی ئەمریکی بەباشی بزانی، هەستیک لەناخت پەرەدەسەنێت و وات لێدەکات کەبەڕاستی هەست بکەیت تۆش ئەمریکیت. بەلای ئەوانەوە زۆر ئاساییە قسە لەگەڵ کەسانێک بکەن کە نایناسن و لە دوای ٥ خولەک پێت بڵێ هاوڕێ. بەبەراورد لەئەڵمانیا، ٥ ساڵ دەخایەنێت هەتا دەتوانی بە یەکێک بڵێیت (?Wie geht's) و ئەو لەناخەوە بە ئیسراحەت جوابت بداتەوە، ئەگینا هەر (Guten Tag/Morgen/Abend) یاخود (Hallo!).


دووەم تێبینی: دەچیە هەر رێستورانتێک، کۆلا و خواردنەوە گازیەکانی تر بەلاشە. دنیا ساردە یان گەرم گرنگ نیە، نیوەی پەرداخەکە هەمیشە بەفرە، مەگەر خۆت بە گارسۆنەکە بڵێی کە بەفری تێنەکات. جارێک یان ١٠ جار دەخۆیتەوە گرنگ نیە. پەرداخەکانیش زۆر گەورەن بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی پەرداخەکان لە کوردستان یان لە ئەوروپا. نیە لە ئەمریکا بیت و ٥-١٠%ی نرخی خواردنەکە وەک تیپ یاخود بەخشیش دانەنێیت. ئەوە وەک خۆیان دەڵێن (Must)ە.


سێیەم تێبینی: قەبارەی وۆلمارت بەبەراورد لەگەڵ هەر سوپەرمارکێتێک کە بینیبوم پێشووتر وەک جیاوازی نێوان دوکانێکی سەرجادەکان لەلای خۆمانە بە کارفور. ١٠ کارفور لێکدە، هێشتا دڵنیا نیت کە دەبێت بە وۆلمارتێک. یەک بتڵ ئاو دەکری بە دۆلارێک و نیو بەڵام ١٢ بتڵ دەکریت بە ٥ دۆلار. هەمان شت بۆ هەموو جۆرەکانی خواردنەوەکان.


چوارەم تێبینی: ئۆتۆمۆبیلی بچوک زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئۆتۆمۆبیلی گەورە. هەموان هیوایەتیان لێخورینی سەیارەیە. زۆر کەمتر پایسکلسوار و شەمەندەفەڕ دەبینی، بەتایبەت لە ویلایەتەکانی ناوەراست. دنیا گەراجی سەیارەیە. لەبەنزینخانەکان دەبێت خۆت بچیتە سەر عەداد و خۆشت بەنزین تێبکەیت. ئەها، لە ویلاتێک بۆ ویلایەتێکی تر نرخی بەنزین جیاوازە. بەڕاست، ئەوان ناڵێن چەند مایل دوورە، دووری بە کاتژمێر دەپێون، چونکە بەڕاستی ئەمریکا گەورەیە. بۆیەش زۆربەی هاتوچون لەنێوان ویلایەتەکان بە تەیارەیە. دەبێت بزانی مایل و پاوەند و فەرهەنهایت چەندن!


پێنجەم تێبینی: بۆت نیە لەخۆتەوەو هەروا بەئاسانی لە خاکیک خێمە بچەقێنیت و بڵێی شەو لێرە دەمینێمەوە. لەزۆربەی ناوچەکان پارکی تایبەت هەیە بەو بابەتە و کە هەندێک پیداویستی تایبەتی لێیە. لەوێ زەویەکان دابەشن لەنێوان موڵکی تایبەت و موڵکی ویلایەت و موڵکی حکومەتی فیدڕاڵ.


شەشەم تێبینی: زۆر بینینی پۆلی عەلەشیشی کێوی، مێگەلی مامز و ئەیل و دانە دانەی ورچ ..هتد.


حەوتەم تێبینی: بینینی ژمارەیەکی کەم لە ڕەشپێستەکان لە پارکە نیشتمانیە بەناوبانگەکانی وەک گراند کانیۆن و زایۆن و یەلستۆن پارک و ..هتد.


هەشتەم تێبینی: زۆری ژمارەی ئەوانەی کە تەنها بە ئیسپانی دەزانن قسەبکەن لەباشوری ئەو ویلایەتانەی کەلەسەر سنوری مەکسیکن.


نۆیەم تێبینی: خواردنەوەی ئاو لە شوێنە گشتیەکان و ئەمریکیەکان وەک ئەڵمانەکان حەزیان لە ئاوی گازی نیە. سیستەمی کارەباشیان جیاوازە لەگەڵ سەرەپلاک وسویچەکان. هۆتیلەکان زیاتر مۆتێلی پان و درێژن لەوەی هۆتیلی ٥-٦ قات بەرزبن.


دەیەم تێبینی: وەرزشی وەک بەیسبۆل و گۆلف و سەلە و فوتبۆڵ کە لە کوردستان و ئەوروپا زۆر باو نین، لەوێ هەر شێتن بۆی. هەر سەیر 😎

لەسەر گرنگی بیرکاری