بە منداڵ و گەورە لە کوردستان گوتراوە کەوا ئەگەر کوردستان بەجێبهێڵن دەرگای بەهەشت بەڕویاندا دەکرێتەوە. لە زۆرینەی وڵاتان مافی هەموان پارێزراوە و کەس تەعەدا ناکاتە سەر کەڕامەتی کەسێکی تر. ڕەگەزمانەی یەکێک لەو وڵاتانە مرادیفی ئەوەیە ڤیزای بەهەشتت پێبێت!!
لە سەفەری ئەو جارەم، ئێواریەکی فێنک لە شارێکی ئەوروپا و لەگەڵ برادەرێک، ویستمان پیاسەیەک بەناو پارکێکی نزیک ماڵی ئەو برادەرە بکەین. هاتینە دەرەوە. سەری زار و بنی زارمان، جوانی پاڕکەکە و فێنکی کەشەکە و مەنجەنیقی کوردستان بوو. لەپڕ، دەنگی قیژەیەکمان بیست. قیژەکە هەتا دەهات زیاتر دەبوو. ئێمەی رۆژهەڵاتی، بە فیترەتی خۆمان، کە دەنگی قیژەی ئافرەت دەبیستین بێ بیرکردنەوە ڕادەکەین بەرەو سەرچاوەی قیژەکە. نزیک بوینەوە، بینیمان ئەو کچەی کە دەیقیژاند رای دەکردە ناو سەیارەی ئەو کوڕەی کە بە بۆکس و پێلەقە لێی دەدا و خەڵکیش وەک: "شاهد ما شافش حاجە" لەوێ راوەستابون. سلفیان لێدا، بە پەلە دەرچوون.
یەکسەر پرسیارێکم هاتە مێشک: ئەو مەشهەدە لە کوردستان ڕویدابا چ دەقەوما؟! پیاوێک بەبەرچاوی خەڵک لە ئافرەتێک بدات و قیژەی ئافرەتەکە کیلۆمەترێک بڕوات؟! ئەو پیاوە بەسەلامەتی دەگەیەنرا دەست پۆلیس یان هەر لەوێ دەیانکردە پەند؟!! بەستاندەردی ئەمڕۆ ڕاستە یان هەڵە، بەستاندەردی من و هاوشێوەکانمان یەکێک دەبوین لەوانەی ئەو پیاوەمان دەدا بەر حەسیرمەیدان.
لە نیویۆرک و سان فرانسیسکۆ، بە سەدان خەڵکی بێ ماڵ و حاڵمان دەبینی (Homeless) کەلەسەر جادەکان کەوتبوون و بۆنی ناخۆشیان ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیی. هەر هۆملێسێکم دەبینی دیسان لەخۆم دەپرسی، ئەگەر لە کۆیە پیاوێک بێت لەسەر جادە هەندێک مقەبا ڕابخات و لەناو خەڵک بە بەتانیەکی چڵکن بەخۆی دابدات، چ دەقەومێت؟! چۆن خەڵک لێی کۆ دەبنەوە و لەماوەیەکی کورت هەڵمەتێکی بۆ دەکرێت کە ماڵ و ناوماڵ و خواردنی بۆ ئامادەدەکرێت.
نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە هاتنە کوردستان. زۆر دەگمەن یەکێک لەوان هەستی بە ڕەگەزپەرستی کرد. بگرە پێچەوانەکەی ڕوویدا. هەندێک لەوانمان بەپێش رۆڵەکانی خۆماندا و داهاتیان لە ئێمەی خاون ماڵ زیاتر بوو. ئەگەر لەسەر دەستانمان دانەنابان، وەک خۆمان تەعامولمان لەگەڵ دەکردن. سەیر نیە کەوا هەندێکیان نەگەرانەوە. باش یان خراپ بە ڕای من و ئێوە، بەڵام ڕاستیەک هەیە ئەویش ئەوەیە: ڕاستە کەم و کورتی هەیە لەسەر ئاستی تاک، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی ئێمە لە ئاستێکی بەرز و ڕاقی مرۆڤایەتیە. بەتایبەت بەبەراورد لەگەڵ چەندین کۆمەڵگەی تر کە ئیدعای مرۆڤایەتی دەکات.
ئەگەر دینە، خۆ هەر موسوڵمانەکانی کوردستان ئەوها نین. ئەگەریش نەتەوەیە، خۆ هەر کوردەکانی کوردستان ئەوها نین. کەلتورە!! کەلتورێک لە ناوچەیەک ئێمەی بەرمەجە کردووە کە یەکەم شارستانیەتی مرۆڤایەتی تێدا دروست بووە.
بەستەری وتارەکە لەلینکئین:
https://www.linkedin.com/feed/update/urn:li:activity:7359696891866968064/