باشترین ڕێگە لۆ ئەوەی لێنەگەڕێی بەندکراوێک لە بەندیخانە ڕابکات ئەوەیە کەوا لە بەندکراوەکە بکەی هەست نەکات لە بەندیخانەیە." ئەوە قسەی من نیە. ئەوە قسەی فەیلەسوف و ناوداری ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆفیسکیە.
بەڕێزان، هۆکاری هەرە سەرەکی خەمۆکی و دڵتەنگی و سواری ئێمە بۆ پەرچەکرداری توندوتیژ ئەوەیە کەوا ئێمە لەو سەردەمە بەندکراوی "پێشبینی ئیجابی" کۆمەڵگەین لە خۆمان. مێشکمان کەلەبچەی "سەرکەوتن" ە. سەرکەوتن بەهەر مانایەک بێت. بە هێنانی نمرەی بەرز لە پۆلی ١٢، بە یەکەمی لە زانکۆ، بە تەواوکردنی ماستەر و دکتۆڕا، بە دەوڵەمەندی، بە لێخوڕینی باشترین سەیارە، بە هاوسەرگیری لەگەڵ جوانترین کچ یان قۆزترین گەنج، بە شەش پەقلاوەیی سکمان، بە نەڕوتانەوەی قژمان، بەخۆفڕیدان لەسەر چیا بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین لایک، بە، بە، ...هتد.
وادەزانی کە دکتۆڕات تەواوکرد کۆمەڵگە لەداواکاری سەرکەوتنت واز دەهێنێت؟!! نەخێر!! کە تەواوت کرد، تۆ داواکراوی کە دەوڵەمەندیش بیت. کە دەوڵەمەندیش بویت، تۆ داواکراوی کە لەش و لاریەکی بێ وێنەت هەبێت. کە لەش و لاریەکی بێ وێنەشت بەدەست هێنا، تۆ داواکراوی کە باشترین خێزان پێک بهێنی. کە باشترین خێزانیش پێکهێنا، تۆ داواکراوی کەوا منداڵەکانت هەمووی دکتۆر و ئەندازیار دەرچن... تەواو نابێت، وانیە؟!! لەجێبەجیکردنی ئەو هەمووە داواکاریە، کوانێ خۆت؟!!
دەمی هەر یەکێک لە ئێمە دەکەیتەوە: جاران جارانە.. خۆشی ڕژانە!! دەزانن لۆ؟! لەبەر ئەوەی جاران لەنێوان هەر شتێک و شتێکی تر کە حەزت پێی دەکرد، ناوبڕێک هەبوو کە بێزار و برسی دەکردی. کاتێک ئەو شتە دەهاتە بەردەمت تامت لێدەبینی. بەڵام ئێستا مەجالی ئەو ناوبڕە نیە کە بێزار وبرسیت بکات. جاران هەتا یەک حلقەی کارتۆنی نیلز هۆلگەرسۆنت دەبینی، دەبوو لەماوەی ٢٣ کاتژمیر و نیو چاوەڕێ بکەی. ئێستا هەر ٥٣ حەلقەکە بە دوو ڕۆژ تەواو دەکەی. جاران، هەتا یەکجار برنجت دەخوارد، دووجار ساوار و گەنمەکوتا و داندۆک و نۆکاو دەبوایە بخۆی. ئێستا هەموو ڕۆژێک برنجە.
کێشەکە ئەوەندە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئینتەرنێت نیە، کەوا دەکات ساڵ ببیتە مانگێک، مانگیش ببیتە هەفتەیەک و هەفتەش ببیتە ڕۆژێک، ئەوەندەی لەوەیە "ناوبڕ" نادەیتە خۆت کە لە هیچ نەکردن، دانیشتن لەگەڵ خۆت و خێزان هەست بەبێزاری بکەیت. دەبێت هەست بە بێزاری و برسیەتی و ناخۆشی بکەیت تا تام لە خۆشی ببینی. مەجالی ئەوە نادەیت کە بنوسی:
ئەمڕۆ ئەو ئیشەم کرد. دواتر ئەو ئیشە. لە کۆتایی ئەو ئیشە.
دەزانی چ دەنوسی ئەمڕۆ: چەند وشەیەک و چەند خاڵیک بەجیا. ڕستە نامێنێت. خاڵەکان دەچنە پاڵ یەک و ئیشەکان دەچنە پاڵ یەکتر. دەنوسی: .... ئەمڕۆ ئیش ئیش ئیش دەیکەم، نەکرا، دەکرێت،... بێ خاڵ و سەرگەردانی لەبەامبەر تیڤی و ئینتەرنێت. باری دەروونیت چی بەسەر دێت کە وا لەخۆت بکەیت و ناوبڕ نەدەیتە خۆت؟!
خۆشی لە سەرکەوتن و دەوڵەمەندی و بەدیهێنانی پێشبینی کۆمەڵگە نیە ئەوەندەی دەبێت لە ناخی خۆت قەناعەتت پێی بێت کەوا ئەو شتانە خۆشی دەهێنن. ناوبڕ بدەخۆت با چێژ لە شتەکان ببینی. خۆت مەکە سەماکەری سێرکی ژیان لەپیناو چەند چەپڵەیەکی بێ نرخ. خوای گەورە هەموانی لەبۆ ئەوە دروست نەکردیە ببن بە ملیۆنێر و خاوەن دکتۆرا و ئیلۆن مەسک و زانای پێنج زمان و مەلا. لە بەندیخانەی پێشبینی بەرزی کۆمەڵگە و ڕۆتینی ئەلیکترۆنی نەزۆکی ژیانت خۆت نەجات بدە. هەتا تەواویش برسیت نەبێت نان نەخۆی. کەخواردیشت هەموو ڕۆژ برنج و فاصۆلیا و گیپە و کەباب نەبێت. دەبڕۆ دەی... 😆
ئەو وێنەش پێشکەشی هەموو ئەوانەیە کە ستایلی گەنجی جارانیان پێ جوانترە لەهی ئێستا 😂