لەسەر دایک و باوکایەتی هەلیکۆپتەر

دایک و باوکی هەلیکۆپتەر ئەوانەن کەوا ئەگەر جێگەیان ببایەوە، دەچونە ناو جانتای منداڵەکانیان لە مەکتەب و بۆ چاودێری بەردەوام مانگێکی دەستکردیان بەسەر منداڵەکانیان هەڵدەدا نەوەک توشی کێشەیەک بن ئەوان وەک هەلیکۆپتەر بەسەریان ڕانەگەن. ئەو دایک و باوکانە کۆیلەی منداڵەکانیان بەشیوەیەکی ترسناک. کۆیلایەتیەک کە ترسێکی درێژخایەن لە بەلاڕێداچون و کەوتنە ناو کێشەی منداڵەکانیان بزوێنەرەکەیتی. دەقە بە دەقە، دەبێت بزانن منداڵەکانیان لە کوێن، چ دەکەن، چ دەخۆن، حەزیان لە چیە، باشن یان خراپن لە قوتابخانە، کێشەیان هەیە یان نیە لە ئەنجامدانی واجبەکانیان. نان بە حازری دەخەنە بەردەمیان و لەبەردەمیان هەڵدەگرن، حەز بە چ شتێک بکەن لە جل و بەرگ و ئامێر و خواردن و گەڕان و ..هتد وەک خێوەکەی عەلی بابا حازرن: شبێک لوبێک، دایە و باوکە هەلیکۆپتەرەکەت بێن ئیدێک.


لەناو کورد، دیاردەی دایک و باوکی هەلیکۆپتەر گەیشتیتە ئاستێکی ترسناک. بەیەک شت زۆر بە ئاسانی دەزانی ئەو نەخۆشیە چەند بەربڵاوە: دەچیە ناو ١٠٠ تەیارە، دوو خێزانی کوردی تێدابێت کە منداڵێ پێبێت، خوا ڕوحمت پێبکات، هەتا دەگەییە شوێنی مەبەست گریان و لەخۆدان و زیقە زیقی منداڵەکان کاست دەکات. ئەو هەلیکۆپتەرانە، لەسەرەتاوە دڵیان نەهاتووە لە منداڵەکانیان بگەیەنن کەوا گریان هیچ چارەسەر ناکات. هەر منداڵ نوزەکی لێوەهات؛ ویش بەقوربانت بم، ویش بەساقەت بم، ویش لەدەورت گەڕێم...هتد. منداڵیش بایی خۆی زیرەکە، دەزانی کە شتێکی ویست و بە گریان بۆی چارەسەر کرا، گریان دەکاتە عادەت. ئەوجا خۆت بگرە بۆ گۆرانیە خۆشەکەی کە بێ میوزیکە و هەڵبەستەکەی تەنها: عااااای.. واااای.. ئۆۆیی.. بمم بمم.. بغغ بغغ.. ە.


کفرە لەلای ئەو هەلیکۆپتەرانە ڕۆژێک منداڵەکانیان بەپێ بچنە مەکتەب یان بگەرێنەوە. نەکەی لەجادەی بپەڕیەوە، هەلیکۆپتەر حازرە. هاااااااتمممم. چی منداڵی ئەو هەلیکۆپتەرانەیە دووجار بەپێ نەچویتە بازاری شار. چەند دەورەی هەیە، یان تەکسی لۆ گیرایە یان یەکەکی ڕاسپاردیە یان لۆخۆی وەک ئەوەی هەلیکۆپتەری پیبێت دەگاتە سەر سەری و منداڵ لۆی نیە بێتە دەرێ لەدەرگای قوتابخانە، هەتا هەلیکۆپتەرەکە نەگات. چەند دەرسی هەیە لە پۆلی ١٢ ئەوەندە مامۆستای تایبەتی لۆ گیرایە. بە سەیارە دەبێت بچێت و بگەرێتەوە.


دوای ئەوەی منداڵەکانی ئەو هەلیکۆپتەرانە لە زانکۆش دەردەچن، لەخۆیان ناپرسن دەبێت چاوەڕێی چ بکەن لەوان؟! تازە فێرت کردیە. قەلبت ڕەق کردیە. لەژیانی دووجار بەتانیەکی قەد نەکردیە. تەمەنی گەیشتیتە ٢٠ ساڵ، ١٠٠کم بەپی نەڕۆیشتیە. شارەزای هیچ نیە تەنها تیک تۆک و یاری و یوتیوب و زمان خوارکردن بە ئینگلیزی. لۆ شارەزا بی، مادام دوو هەلیکۆپتەر وەک کۆیلە هەمیشە خزمەتکاریین؟!


هەموو جار دەڵێم، باشترین تاقیکردنەوە ئەوەیە، کە تەمەنی گەیشتە تەمەنی کارکردن و دۆزینەوەی بژێوی ژیان، با منداڵەکان تاقیبکەنەوە و هەفتەیەک نان و ئاو و پارەیان پێنەدەن بزانن چ دەکەن. وەڵا نیوەی لەبرسان لەسەر شۆستەکان دەکەوی. تۆ کە نەزانی منداڵ بۆ ڕۆژێکی ئەوها ئامادەبکەیت، یاخوا کۆیلایەتی و هەلیکۆپتەرەکەت پیرۆز بێت!!

کارسازی خەون پڵاو