لەسەر بەلاڕیدابردنی توێژینەوەی زانستی

بەڕێزان، کارتێلەکانی سایتەیشن لە کوردستان بەردەوامن لە نانەوەی گێژاوی مەزنی خۆیان و تویژینەوە سەقەتە دروستکراوەکانیان. ١٠٠٠ جار باسم کردیە، برام، بەڕێزم، ئەگەر پێوەر سایتەیشن و ژمارەی بینینە، زۆرترین بینین لە سایتەکانی پۆرن و بەدڕەوشتیە. باوەڕدەکەن هەندێک زانکۆ باک لینکیان لە ویبسایتی پۆڕن دانایە لۆ ئەوەی ژمارەی بینینیان زیادبکات و ڕیزبەندیان لە وێبۆمێتریکی جیهانی بچتە سەر؟!! دوایەش ئەوە بە مانشێتێکی گەورە بەخەڵک و حکومەتی دەفرۆشنەوە گوایە زانکۆکەیان ١٠٠٠ پێگە چویتە سەر!!


خەڵک هەیە ساڵی ١٠٠ توێژینەوە دەکات، ملیۆنەها دینار زەرەر لە داهاتی زانکۆ و خەڵک دەدات بەبێ ئەوەی سودی یەک سەلکە توری ڕزی هەبێت بۆ ئابوری کوردستان. ئەو کەلتوری (Publish or Perish) ە کۆتایی پێبهێنن!!


نازانم بەچ لۆژیکێک پارە دەدەیتە توێژینەوەیەک کە سودی بۆ وڵاتی خۆت نەبێت؟!! کوانێ کام لەو توێژینەوانە ١٠٠٠ دۆلار داهاتیان بۆ زانکۆ پەیدا کرد؟!! تەحەدای گەورە و بچوکیان دەکەم یەکێک لەسەر جادەی هەولێر یان سلێمانی سودی لێیان بینیبێت!! یان هەربزانن چیە و چ دەکەن. ئەوجا بۆ کاری ئاوبەردەرەوەیەک یان فەرمانبەری وێستەگەیەکی کارەبا ١٠٠٠ قات لەکاری ئەوان گرنگتر نیە؟!! دەبا ئاو بەرنەدرێتەوە، یان فیدەرەکە لێنەدرێتەوە، یان نانەواکان مان بگرن، توێژینەوەکان بەهانای خەڵک بێن!!


ئەوانەش کە ئیستغلالی سیستەمەکە دەکەن و تویژینەوەی درۆ و دروستکراو بڵاودەکەنەوە، با باش بزانن، بەدەستی خۆیان ماڵ و دواڕۆژی خۆیان دەسوتێنن. زۆر غەشیمن وابزانن کە دوای ٣٠ ساڵیش ببن بە وەزیریش کەسێک نەیەت توێژینەوەکی ئەوان یان تێزی دکتۆڕا و ماستەریان نەهێنێت و لێی نەکۆڵتەوە؟!! دیارە نازانن کە سەرۆکی هەنگاریا، سەرۆکی زانکۆی هارڤەرد، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا، ...هتد چۆن لە کارەکانیان دوورخرانەوە لەسەر خیانەت لە ئەمانەتی زانستی لە بڵاوکراوەکانیان!!


ساڵی پار ئێلزەفیری (Elsevier) هۆڵەندی، کە کۆمپانیایەکە وەک هەر کۆمپانیایەکی تر، خەمی سەرەکی پەیداکردنی پارەیە، نزیکەی بری ٤ ملیار دۆلاری داهات بووە. سپرینگەری ئەڵمانی ٢ ملیار دۆلار، تەیلۆر و فرانسیسی بەریتانی ١.١ ملیار دۆلاریان داهات بووە. بەندە زوو لەو بازرگانیە تێگەیشت و لە ٢٠١٥ ەوە یەک توێژینەوەی تری نەکرد. بەلام چەندین گرانتم لەبۆ زانکۆ هینا کە چەندین کەس سودیان لێبینی.


من ئێوە دەکەمە حەکەم: گرانت گرنگترە یان توێژینەوەیەک کە ئەگەر گرنگترینیش بێت، سودی بۆ خەڵکی ئێمە نەبێت؟!! بەسە ئەو خۆ فشکردنەوەیە. ٦٥٠ کەس لە تویژینەوەیەک بەشداری دەکەن، تەرتیبت ٣٥٠ ایە و بەخۆت دڵێی توێژەر؟!! بەسە ئەو ناونیشان بەخشینەی پرۆفیسۆری و پرۆفیسۆری یاریدەدەر!! بۆ پێوەر بۆ ئەوانە تەنها توێژینە بێت!! لە هەموو دنیا پرۆفیسۆری پێگەیە. پێویستیم پێت نەبێت، ناتکەمە پرۆفیسۆر یان پرۆفیسۆری یاریدەدەر ئەگەر گەورەترین زاناش بیت لەبواری خۆت.


وەزارەتی خوێندنی باڵای خەوتوو، ئازابن ئەو پاداشتەی توێژینەوە ڕاگرن، بزانە ئەو زانایانە ساڵانە چەند توێژینەوە دەکەن. کەسێک زانای بەڕاستی بێت، نابێت ئەو ڕاگرتنە کاری تێبکات. لەبڕی ئەوە پاداشت تەنها بۆ توێژینەوەیەک کە بڕوانامەیەکی داهێنانی (Patent) لەگەڵ هاوپێچ بێت. ئەوکات با ئێمەمانان گلەیی بکەین!! ئەو پارەیەش کە بۆتان دەگەڕێتەوە بیکەن بەچەند سەنتەرێکی مەشقی تەکنیکی. بژێوی گەنجێکی کوردستان گرنگتر نیە لە ١٠،٠٠٠ توێژینەوە کە سودیان نەبێت بۆ کوردستان؟!!

یەکەم وانەی مێژووی زانراو لەسەر بەبازاڕکردن