دکتۆری لانەوازان و دکتۆرەکانی لانەبازان

ڕۆژ هەتا ئێوارێ خەڵک نمونەی ئیلۆن مەسک و مارک چوکەربێرگ و ستیڤ جۆب و هتد. دەهێنن. ئەوانەی لەیەک خولەک زیاتر لە ١٠،٠٠٠ دۆلار پەیدا دەکەن. زۆر کەم خەڵک باسی کەسانی وەک دکتۆر محمد المشالي دەکات. هەرچەندە لە پۆستیکی تر ئاماژەم پێکردبوو، بەڵام بەگرنگی دەزانم کەوا دووبارە تیشک بخەمە سەر دیاردەی ئەو دکتۆرە پایەبەرزەی کە ٣ ساڵ زیاترە کۆچی دوایی کردووە.


دکتۆری لانەوازەکان، دکتۆر محمد، ٤٥ ساڵ بەبەردەوامی و بەنرخیکی رەمزی دەرگای کلینکی بۆ هەژاران واڵا بوو. ئەوانەی کە زۆریش هەژاربوون, بەخۆڕایی! مێشکی منیان کون کرد بەوەی کە دەڵێن کاک ئیلۆن لە هەفتەیەک ١٠٠ کاتژمێر کاردەکات. دە چاک بزانن کەوا دکتۆر محمد رۆژانە ١١-١٢ کاتژمێر کاری دەکرد. ئەو نەک ٣ منداڵی خۆی، بەڵكو خێزانی برای و ٣ منداڵی براشی بەجوانترین شیوە بەخێوکرد. لەتەمەنی ٧٥ ساڵی بەیانیان هەڵدەستا، پێداویستیەکانی حازر دەکرد و نانی بەیانی نەدەخوارد و دەچوو بۆ عیادە. هەتا ٤:٣٠ و هەر بەزگی برسی سواری قطار دەبوو بۆ عیادەکەی تری لە گوندێکی هەژار نزیک لە طنطا و هەتا ٩:٣٠ ی شەو عیادەکەی بەنیوەی نرخی طنطا کە لە ئەساسدا هیچ نەبوو پێشوازی لەخەڵکی هەژار دەکرد. کە دەگەرایەوە ماڵ ئەوکات نانی دەخوارد.


ئەها، وەنەبێت دکتۆر محمد کەسێکی بێتوانا بێت لەبواری خۆی. نەخێر!! ئەو یەکەمی سەر ١١٠ خوێندکاری پزیشکی بوو. زۆربەی تەشخیصەکانی لەهی باشترین دکتۆرەکان باشتر بوو. ئەگەر ٥ خولەک مەجالی هەبوایە، یەکسەر دەستی دەبرد بۆ خوێندنەوە و بەردەوامیش دەیخوێندەوە. کەناوبانگی بڵاوبویەوە لە جیهانی عەرەبی، کەسێکی دەوڵەمەندی سعودی ٢٠ هەزار دۆلار و ئۆتۆمۆبیلێکی بەدیاری بۆنارد. پێتان وایە چی لێکرد؟ پارەکە و ئۆتۆمۆبیلەکەی بە ئامێری پشکنینی پزیشکی دا بۆ عیادەکەی و هەموو پشکنیەکان لەسەر ئەو ئامێرانەی کردە بەلاش.


لەگەڵ ڕێزم بۆ هەندێک لە دکتۆرە "بە ڕاستی دکتۆرەکانی" لای خۆمان، زۆربەیان دەڵێی قەرزێکیان لەسەر ئێمەیە. وا هەڵسوکەوت دەکەن ئێمە لەوان پاڕابینەوە و پێمان گوتبن، بە قوربانتان بین ببن بە دکتۆر. ئەوانیش بە چاکە و لەبەر خاتری ئێمە ئەو قوربانیەیان داوە و بویتن بە دکتۆر. ئەها هەندێکیان هەندەیان شایی بەو صدریەیە وەک ئەوە وایە یەکسەر لە مەرتەبەی مرۆڤ بیانباتە مەرتەبەی فریشتە. کە بە قاوشەکان دادێ، ئیحتڕڕڕاممەن دەبێت هەموان لای راست و چەپ چۆل بکەن. وەک سەرۆکی کۆریای باکور دەبێت ٤ نەخۆش و ١٠ لە کەس و کاری نەخۆش بەدوای ڕابکەن.


لووت لە ئاسمان، بەسەری لووتی ٢ تێرمی لاتینی وئینگلیزی سەقەت دەینی و دەبا دەڵێت: "ئەکید دوای دایگنۆسی ئەو کاتێترایزەشنە بە ئینفێکتد، سیمپتۆمی ڤێسیکۆریترال ریفلێکسیشی بەدوادێت."

چەند خۆش دەبوو "چاکە" بابەتێک بوایە لە مەنهەجی پەروەردە و منداڵەکان ئەو نمونانەیان بناسیایە. یان تەمەنی مرۆڤ وابەستەی بەلانسی چاکەکردنی بوایە. هەر چاکەیەک و مانگێکی تەندروست لەتەمەنی درێژبایتەوە.




لەسەر بەزمی ناو