مار بە مریشکەکەی دا و بەو ژەهرەی کە بە هێواشی لە جەستەی بڵاودەبویەوە پەنای بۆ مریشکەکانی تر برد. بەڵام مریشکەکانی تر پێیان باش بوو دەریبکەن بۆ ئەوەی ژەهرەکە لەناو ئەوانیش بڵاو نەبێتەوە
مریشکەکە بە شەلەشەل ڕۆیشت و لە ئازاردا دەگریا. نەک لەبەر گازگرتنەکە و ئازاری ژەهرەکە، بەڵکو بەهۆی وازهێنان و سووکایەتیکردنی مریشکەکانی تر لەو کاتەدا کە زۆرترین پێویستی پێیان بوو. بۆیە ڕۆیشت. بەهۆی تایەکی بەهێز دەسووتێت، یەکێک لە قاچەکانی ڕادەکێشا، خۆی ئامادە دەکرد بەرگەی شەوانی ساردی زستان بێت. لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا فرمێسکێک دەهاتە خوارەوە.
مریشکەکانی تر سەیری دوورکەوتنەوەیان دەکرد، سەیری ونبوونی هێواشیان دەکرد لە ئاسۆدا. هەندێکیان بە یەکتریان دەگوت:
— با بڕوات... دوور لە ئێمە بمرێت.
وە کاتێک مریشکەکە دواجار لە ئاسۆدا دیارنەما، هەموویان دڵنیا بوون کە مریشکەکە مردووە. تەنانەت هەندێکیان سەیری ئاسمانیان دەکرد، بەو هیوایەی کە قەلەڕەشەکان ببینن کە خۆیان بۆ نەهش کردنی ئامادەکردووە.
دوای چەند ڕۆژێک چۆلەکەیەک هات و بە مریشکەکانی تری ڕاگەیاند:
— خوشکەکەتان لە ژیاندایە! لە ئەشکەوتێکدا دەژی کە دوورە لێرە. چاکبووەوە، بەڵام بەهۆی پێوەدانی مارەکەوە قاچێکی لەدەستدا. کێشەی دۆزینەوەی خۆراکی هەیە و پێویستی بە یارمەتی ئێوەیە.
بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر مریشکەکان. پاشان بیانووەکان دەستیان پێکرد:
— ناتوانین بچین، هێلکە دەکەین...
— ناتوانین بچین، بەدوای دانەوێڵە و خواردن دەگەڕێین...
— ناتوانین بچین، دەبێت ئاگاداری جوجکەکانمان بین...
بۆیە، یەک بە یەک، هەموویان ئەو داواکارییەیان ڕەتکردەوە. چۆلەکەکە بەبێ یارمەتی گەڕایەوە بۆ ئەشکەوتەکە.
چەند ڕۆژێکی تر تێپەڕی.
چۆلەکەکە گەڕایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە هەواڵێکی پڕ لە ئازارەوە:
— خوشکەکەتان کۆچی دوایی کرد... بە تەنیا لە ئەشکەوتدا مرد... کەس نییە بینێژێت و ماتەمینی بۆ بگێڕێت.
لەو ساتەدا قورسایییەک کەوتە سەر هەمووان. گریان و قیژە لەنێو مریشکەکان دەستیپێکرد.
ئەوانەی هێلکەیان دەکرد وەستان.
ئەوانەی بەدوای دانەوێڵە دەگەڕان خواردنیان بەجێهێشت.
ئەوانەی خەمخۆری جوجکەکان بوون بۆ ساتێک ئەوانیان لەبیرکرد.
پەشیمانی زیاتر لە هەموو شتێک ئازاری دەدان. بۆچی پێشتر نەڕۆشتین؟ لەخۆیان دەپرسی.
وە بەبێ گوێدانە دووری ئەشکەوتەکە و برسیەتی و ماندووبوون، هەموویان بە گریان و قیژەوە بەرەو ئەشکەوتەکە ڕۆیشتن. ئێستا هۆکارێکیان هەبوو بۆ بینینی، بەڵام زۆر درەنگ بوو.
کاتێک گەیشتنە ئەشکەوتەکە، مریشکەکەیان نەدۆزیەوە... تەنها نامەیەکیان دۆزیەوە کە لەسەری نووسرابوو:
"لەم ڕۆژگارەدا زۆر جار خەڵک لە کاتی تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانت لە شەقام ناپەڕنەوە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن، بەڵام دنیا دەبڕن بۆ ئەوەی لەکاتی مردنتدا بتنێژن. زۆربەی فرمێسکەکانی پرسە لە ئازارەوە نییە، بەڵکو لە پەشیمانی و ئازاری ویژدانەوەیە”.
سەرچاوە: ئینتەرنێت