وەک خۆتان شایەتی ئەو کێشمە کێشمی مووچەن لە یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونتان تاکو ئەمڕۆ. دەشزانن کەوا ئێمەی پیر و پەککەوتەی ئێکسپایەر، ناتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین. یازدە ساڵە دێین دەچین و لیستی مووچەمان لە ٤٠ ڕۆژ جارێک کردە ٨٠ ڕۆژ جارێک. بە نەوتی خۆشمان و کەرکوکەوە پاشەکەوتمان داهێنا. ٢٠ ملیار دۆلار هەرێممان خستە ژێر قەرز.
بۆیە داواتان لێدەکەین کەوا خۆتان ئامادەبکەن بۆ قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سیاسەت - ناوازە لەسەر ئاستی جیهان. قۆڵی لێ هەڵکەن و سبەی دەست بە دروستکرنی کۆڕگەلێکی تایبەت بەخۆتان بکەن. بەدەم مشتومڕەکانتانەوە، توخوا تەریقمان مەکەنەوە بە سەدان هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەی دانەمەزراو -یان- نیوەی خاکی لەدەستدراو -یان- فەرمانگە حکومیەکانی گەنج لێبڕاو -یان- بازاڕی ناوشاری بێ کچی لاو -یان- مۆدێلێکی مووچە هاتنی لەجیهان کەم وێنە و داهێنراو.
بڕۆن، بەناوی ئێمەی بێ چارەسەر، باسی موچە لەسەر نان و لەبازار و لە حەمام و لەناو تەکسی کۆتایی پێبهێنن. ئێوە دوا هیوان. ببن بە دەیان هەزار مام جەلالی ١١ ساڵی
تێبینی: لەسەرتاسەری گۆی زەوی (لە یابانەوە تا کالیفۆرنیا، لە نەرویجەوە تا ئەفریقای باشور)، مۆدێلی دواکەوتنی موچە لە هەرێمی کوردستان، تەنها لە زیمبابوی، یەمەن، ڤەنزوێلا، سودان و غەززە نمونەی هەیە، بەڵام لە هاتنی نمونەی نیە. تەحەددای هەر کەسێکیش دەکەم کە بڵێ وانیە! کەسیش موزایەدەی کوردستانی بون و نیشتمان پەروەیمان لەسەر نەکات! کە لە هونەری دانوستان و ڕازیکردنی بەرامبەر و زانستی ئابوری نەزانی، چت لێبکەم؟ مەگەر ئەو پێشنیارە خەیال ئامێزە دوا چارەسەرمان بێت