ئەو هاوینە دوور و درێژە، ئەو هەمووە بینایە زل زلە، ئەو کارەبا و ئاوە ٢٤ سعاتیە، سەدان هەزار قوتابی پۆلی ٧ تا ١١ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، سەدان هەزار دایک و باوکی گیرۆدەی دەستی ئاڵودەبوونیان بە مۆبایل و پلەی ستەیشن و ئایپاد، دەیان هەزار گەنجی بێکاری ئاخرشەڕ، بۆ ناکەنە پڕۆژەیەکی گشتگیری سەرتاسەری لە کردنەوەی خول بۆ ئەو توێژە لە قوتابی پۆلی ٧ تا ١١ لەو زانکۆ و پەیمانگە چۆڵانە لەڕێگەی دانانی ئەو گەنجە بێکارانە بە مامۆستای ئەو خولانە؟
دەیان خولی ناوازە و ئاوازە هەن کە دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگە دەتوانن بیڵێنەوە. زۆربەی دایک و باوکەکانیش لاریان نیە لە دانی پارەی خولەکان بۆ منداڵەکانیان. بەشداریان لەو خولانە لە بەرامبەر ١٠،٠٠٠ دینار، بۆ ٤٠ بەشداربوو لەماوەی هەفتەیەک دەکاتە ٤٠٠،٠٠٠ دینار بۆ گەنجێک کە مانایەک لەو بڕوانامەیە دەبینێتەوە کە پێتان داوە و بۆ هەندێکیان سودی یەک سەلکە توری تەڕی نەبووە. دەبێت دایک و باوکێکیش چاوی لە ١٠ هەزاری خولیکی بەسود بێت بۆ منداڵەکەی؟! خەڵک دەناسم، نەک ١٠ هەزار، ١٠٠ هەزاریش دەدات.
جەماعەتی دەستەی بەڕیوەبردنی زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەخت نیە هەست بە بەرپرسیاتەتی بکەن بەرامبەر ئەو توێژە؟! خۆ زانکۆ هەڵهێنەری کێلگەی پەلەوڕ نیە هەر جوجەڵە بەرهەم بهێنی و لەکۆتایی ئاوڕی لێنەدەیەوە!! هەندێک زیاتر لە ئاستی بەرپرسیارەتی دا بن بەرامبەر کۆمەڵگە!! بەس پارە لە تەڕەسازی توێژینەوەی زانستی، کە زۆربەی سەقەت و بێ سوودە، بدەن. بەس بەدوای درۆی ڕیزبەندی زانکۆکان بکەون بۆ مەبەستی شەخصی!! لەجیاتی ئەوە، وەرنە ناو کۆمەڵگە! بزانن ئێش و ئازاری دایک و باوکان چیە!! بزانن ئێش و ئازاری گەنجێکی بێکار چیە!! ئەوە مەبەستنەوە بە موچە و طیف سامی. ئەوە ئەرکی سەرشانی هەمووانە وەک هاوڵاتی. ئەو گەنج و قوتابیانەش هەتا هەتایە هەر گەنج و قوتابی نامینێنەوە. ئەوانیش دەبن بە دایک و باوک. ببن بە نمونە بۆ ئەوان. زۆریش ناڵێین، لە هەر زانکۆیەک ٢٠-٣٠ کەس بەسە بۆ سەرپەرشتی!!