بەشی یەکەم لە چیرۆکە کورت و ئەفسوناویەکانی ئیسۆپی یۆنانی

چیرۆکە کورت و ئەفسوناویەکانی ئیسۆپی یۆنانی کە |٢٦٠٠ ساڵ| پێش ئێستا لە یۆنان ژیاوە لە سەرانسەری جیهاندا بەناوبانگن. ئەو چیرۆکانە سەرچاوەی پەروەردەی ڕەوشتی باشن بۆ منداڵان، بەڵام گەورەکان بەدەگمەن سودی لێدەبینن. لە خوارەوە سێ چیرۆکی کورتم هەڵبژاردووە کە پەندبەخشن بۆ واقیعی ئەمڕۆی خۆمان.


--بەشی یەکەم--

-چیرۆکی یەکەم: چیرۆکی بیرۆکەی نەزۆک


ڕۆژێک مشکەکان کۆنگرەیەکی گشتییان سازکرد بۆ ئەوەی بیر لە ڕێگاکانی دوورخستنەوەی دوژمنە هاوبەشەکەیان (پشیلە) بکەنەوە. هەندێکیان دەیانگوت: "ئێمە ئەمە دەکەین". هەندێکیان دەیانگوت: "ئێمە ئەمە ناکەین". مقۆمقۆ هەر بەردەوام بوو و هیچ لایەنێک بیرۆکەیەکی گشتگیری پەسندی نەدا. لە کۆتاییدا مشکێکی بچووک بازێکی دا و وتی پێشنیارێکم هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن. مشکە بچووکەکە گوتی: "ڕەنگە هەمووتان لەگەڵم هاوڕا بن، کە گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەو شێوازە هێمن و فێڵبازانەیە کاتێک دوژمنەکەمان کەمین دادەنێت و بەسەرماندا دەدات. ئێستا ئەگەر بتوانین ئاگادارکردنەوەیەکی دیاریکراوی نزیکبوونەوەی ئەو دابنێین، دەتوانین بە ئاسانی لێی ڕزگارمان بێت؛ ئەویش زەنگوڵەیەک لەملی پشیلەکە بکەین. بەم شێوەیە هەمیشە ئاگاداری نزیکبوونەوەی دەبین و ڕەنگە بە ئاسانی خۆمانی لێ بشارینەوە”. ئەم پێشنیارە بە گشتی پێشوازییەکی باشی لێکرا، تا مشکێکی پیر هەستا و وتی: “بیرۆکەکە زۆر باشە، بەڵام کێ زەنگوڵەکە لە ملی پشیلەکەدا هەڵدەواسێت؟” لێرەدا مشکەکان سەیری یەکتریان کرد، بەڵام کەس قسەی نەکرد پاشان مشکی پیر وتی: چەند ئاسانە بۆ عەقڵ پێشنیاری ١٠٠ بیرۆکە بکات کە بە کردەوە ئەنجامدانیان مەحاڵە.


منیش دەڵێم: چەند ئاسانە ١٠٠ بیرۆکەی کارسازی بکەیتە بزنس پلان، ئەی خێرە ٩٥٪ی ساڵێک بەردەوام نابن؟!


-چیرۆکی دووەم: بێ مەوقیفی و گرتنی دارەکە لەناوەڕاست


خەریک بوو ململانێیەکی گەورە لە نێوان باڵندەکان و ئاژەڵەکاندا دروست ببێت. کاتێک دوو سوپاکە ڕیز بوون، شەمشەمەکوێرەیەک دوودڵ بوو بچێتە ڕیزی کام لەو دوو سوپایە. ئەو باڵندانەی کە ڕێگەیان پێدابوو لە نێوانیاندا بمێنێتەوە ووتیان: وەرە لەگەڵمان. بەڵام وتی: من یەکێکم لە ئاژەڵەکان. دواتر هەندێک ئاژەڵ بەلایدا تێدەپەڕین، بۆیە سەریان بەرز کردەوە و بە شەمشەمەکوێرەیان گوت: وەرە لەگەڵمان. لە وەڵامدا وتی: من باڵندەم.


پێش ئەوەی بقەومێت، هەردوو سوپا گەیشتنە ڕێککەوتن و هیچ شەڕێک سەریهەڵنەدا. شەمشەمەکوێرەکە چوو بۆ لای باڵندەکان و ویستی هاوبەشی خۆشییەکەی ئەوان بێت، بەڵام هەموو باڵندەکان پشتیان تێکرد و ناچاریان کرد دوور بکەوێتەوە. پاشان چووە لای ئاژەڵەکان، لەوێش ناچار بوو بکشێتەوە، ئەگینا پارچە پارچەیان دەکرد. شەمشەمەکوێرەکە وتی: ئێستا تێگەیشتم: هەرکەسێک نە ئەمە بێت و نە ئەمە، ئەو کەسە هاوڕێی نییە.


منیش دەڵێم: مرۆڤی بێ مەوقیف پوشی بەردەم بایە.


-چیرۆکی سێیەم: بەرد لەجیگای خۆی سەنگینە


کیسەڵێک ویستی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بگۆڕێت، بۆیە داوای لە بازێک کرد کە بیبات بۆ شوێنێکی نوێ، بەرامبەر پاداشتێکی گەورە. بازەکە ڕازی بوو و هەڵیگرت و بەرز فڕی. لە ڕێگادا، چاویان بە قەلەڕەشێک کەوت، قەلەڕەشەکە بە بازەکەی وت: کیسەڵ خواردنێکی خۆشە. بازەکە لە وەڵامدا وتی: بەڵام توێکڵەکەی زۆر ڕەقە. قەلەڕەش لە وەڵامدا وتی: بەردەکان دەتوانن توێکڵەکە بشکێنن. بازەکە لە ئاماژەکە تێگەیشت و کیسەڵەکەی لەو بەرزیە فڕێدا سەر بەردێکی تیژ. دوو باڵندەکە کیسەڵەکەیان کردە ژەمێکی بەلەزەت.


منیش دەڵێم: ئەو گەنجانەی کە ڕێگەی قاچاخ هەڵدەبژێرن لەو کیسەڵە داماوە ناچن؟

لەسەر سپڵەیی خەڵک