بەشی دووەمی چیرۆکەکانی ئەیسپۆی یۆنانی

چیرۆکە کورت و ئەفسوناویەکانی ئیسۆپی یۆنانی کە |٢٦٠٠ ساڵ| پێش ئێستا لە یۆنان ژیاوە لە سەرانسەری جیهاندا بەناوبانگن. ئەو چیرۆکانە سەرچاوەی پەروەردەی ڕەوشتی باشن بۆ منداڵان، بەڵام گەورەکان بەدەگمەن سودی لێدەبینن. لە خوارەوە سێ چیرۆکی کورتم هەڵبژاردووە کە پەندبەخشن بۆ واقیعی ئەمڕۆی خۆمان.


--بەشی دووەم--


-چیرۆکی چوارەم: دوژمنی بێ نرخ


پیاوێکی کەچەڵ لە ڕۆژێکی گەرمی هاویندا دوای تەواوکردنی کارەکانی پشووی دەدا. مێشێک هات و بەردەوام بە دەوری سەرە سەرڕووتەکەیدا دەسوڕایەوە و جارجارە لەسەر سەری دەنیشتەوە. کابرا بەهەردوو دەستی تا گرتی لە شەپلاخێکی بۆ دوژمنە بچووکەکەی وەشاند، بەڵام لەبری مێشەکە بە سەری خۆی کەوت. پاشان مێشەکە هاتەوە و جارێکی تر بێزاری کرد، بەڵام ئەمجارەیان ژیر بوو و لە دڵی خۆیدا وتی: ئەگەر گرنگی بە هەموو دوژمنێکی بچووک بدەیت لە زیان بە خۆگەیاندن هیچی تر نادوریتەوە.


-چیرۆکی پێنجەم: ڕەزیلی (وەک ئەوەی فیلمی پیسکەی تەڕپیر)


پیاوێکی ڕەزیل هەبوو کە زێڕەکەی لە ژێر دارێک لە باخەکەیدا دەشاردەوە. بەڵام هەموو هەفتەیەک دەچوو لە شوێنەکەدا هەڵدەکۆڵی و زێڕەکەی دەهێنایە دەرەوە و بە خۆشی و سەرسامییەوە بیری لە زیادبوونی سامانەکەی دەکردەوە. دزێک هەبوو هەستی بەم شتە کرد، بۆیە چوو هەڵکەند و زێڕەکەی دەرهێنا و لەگەڵیدا هەڵهات. کاتێک بەدبەختەکە جارێکی تر هات بۆ ئەوەی سەیری گەنجینەکانی بکات، جگە لە کونە بەتاڵەکە هیچی تری نەدۆزیەوە. بەسەری خۆی دادا و هاوارێکی بەهێزی کرد کە وایکرد هەموو دراوسێکانی ڕابکەن بۆ لای. پیاوەکە پێی وتن کە چۆن دەهات و زێڕەکەی دەپشکنی.


یەکێک لە دراوسێکان لێی پرسی: تا ئێستا هیچ سودت لێ وەرگرتووە؟ کابرا وتی: نا، من تەنها دەهاتم سەیری بکەم. دراوسێکەی وتی: "کەواتە ئەوە شتێکی باشە! دەتوانیت جارێکی تر بێیتەوە و سەیری بەردەکانی ناو چاڵەکە بکەیت؛ ئەو بەردانە ڕێک هەمان ئیشی زێرەکەت بۆ دەکەن."


-چیرۆکی شەشەم: شێری عاشق


ڕۆژێک شێرێک عاشقی کچێکی جوان دەبێت و دەچیتە داخوازی کچەکە. دایک و باوکی کچەکە سەریان لێ شێوا و نەیانزانی چی بڵێن. ئەوان نەیاندەویست کچەکەیان بدەن بە شێر، بەڵام هەروەها نەیاندەویست ئەو دڕندەیەش تووڕە بکەن. لە کۆتاییدا باوکەکە وتی: "شانازییەکی گەورە دەبێت کە ببیت بەزاوای ئێمە. بەڵام دەبینیت کچەکەمان شتێکی بچووک و ناسکە، و ترسمان هەیە لە گەرمەی خۆشەویستیتدا هەندێک زیانی پێ بگەیەنیت. دەتوانم بوێرم داوا لە جەنابی گەورەم بکەم کە جنجڕۆکەکانت و ددانەکانت دەربهێنێت؟ ئەوکات دڵخۆش دەبین کە جارێکی دیکە داواکارییەکەت لەبەرچاو بگرین.


خۆشەویستی شێر گەیشتبووە ئاستێکی گەورە کەوای لێبکات جنجڕۆک و ددانە گەورەکانی دەربهێنێت. بەڵام کاتێک جارێکی تر چووە لای دایک و باوکی کچە بچووکەکە، بە سادەیی بە دەموچاویدا پێکەنین و پێیان گوت: "کچەت پێ نادەیەن و هەرچیەکی لەدەستیشت دێت بیکە!".

ئاگاداری بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت